به‌پێی ڕاپۆڕتی ئیسلاحوێب، خوالێخۆشبوو ماریا ژاڵه‌ دوای سێ ساڵ له‌ قوتابخانه‌ی له‌به‌ركردنی قوڕئانی لقی پاوه،‌ توانی ته‌واوی قورئانی پیرۆز له‌به‌ر بكات.

ئه‌و هه‌روه‌ها له‌ زانكۆی كوردستان بڕوانامه‌ی كارناسی باڵای له‌ به‌شی زانستی په‌روه‌رده‌یی به‌ده‌ست هێنا و له‌ زانكۆكانی په‌یامی نووری پاوه‌ و زانسته‌ پڕاكتیكییه‌كانی ڕوانسه‌ر خه‌ریك وانه‌وتنه‌وه‌ بوو.

ئه‌و له‌ وانه‌بێژی‌ و په‌روه‌رده‌ی قوتابیانیدا له‌ مامۆستایانی سه‌ركه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرا و ماوه‌یه‌كی زۆریش بوو له‌ شاری پاوه‌ و گوندی خانه‌قا سه‌رقاڵی بانگه‌وازی و وانه‌بێژی و فێركردن و له‌به‌ركردنی قوڕئانی پیرۆز بۆ هۆگرانی بوو.

ئه‌و دوای تێپه‌ڕاندنی قۆناغێكی ئه‌سته‌می نه‌خۆشی، شه‌وی دووشه‌ممه‌ی ١٨ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠١ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی قودسی پاوه‌ چاوی له‌سه‌ر دونیا به‌ست و ته‌رمه‌كه‌ی له‌ زێدی خۆی واته‌ گوندی خانه‌قا له‌نێو خه‌م و ماته‌مینی خه‌ڵكێكی زۆر له‌ چینه جۆراوجۆره‌كانی ناوچه ئه‌سپارده‌ی خاك كرا.

پێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئیسلاح دوای ڕازیبوون به‌ ویست و ئیڕاده‌ی خوای گه‌وره‌، داوای پله‌ی به‌رز له‌ فیرده‌وسی به‌رین بۆ خوالێخۆشبوو ده‌كا و بۆ بنه‌ماڵه‌ی به‌ڕێزی و گشت خه‌ڵكی بڕواداری ناوچه‌ و به‌تایبه‌ت قوتابیان و خۆشه‌ویستان و هۆگرانی داوای پشوودرێژی و سه‌بر و پاداشی زۆر له‌ باره‌گای میری مه‌زن ده‌كات.

إنّا لله وإنّا إلیه راجعون